خۆراکی تەندروست ئازاری نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە
بەپێی هەواڵێکی گۆڤارێکی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، توێژەرانی زانکۆی ئوسترالیا ڕایانگەیاندووە، پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ دەتوانێت ئازاری نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم بکاتەوە.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، ئازاری نەخۆشییە درێژخایەنەکان حاڵەتێکی باوە نزیکەی لە %30 دانیشتوانیی جیهان بەدەستیەوە گرفتارن.
بە گوتەی توێژەران، تاقیکردنەوەیەکیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانرێت بە شێوەی بێ دەرمان لە دەست ئازاری نەخۆشی درێژخایەن، نەخۆش ڕزگاری بێت؟ بۆ ئەو مەبەستە 654 کەسی خۆبەخش لە ئوسترالیا کە %57یان ئافرەتن، بەشداربوون، چەند پرسیاریان لەسەر ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆن دواتر زانیارییان سەبارەت بە تەندروستیی خۆیان پێشکەش کرد.
لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەوانەی ئەو خۆراکانەیان خواردووە کە پسپۆڕانی تەندروستیی ئوسترالیا پێشنیاریان کردووە - سەوزە، میوە، دانەوێڵەی تەواو، گۆشتی بێ چەوری و بەرهەمە شیرەمەنیەکان - کەمتر ئازاریان هەبووە، بەبێ گوێدانە کێشیان.
ئاماژەیان بەوە کردووە، باشتربوونەکە زیاتر لەو ژنانەدا بەرچاو بووە کە خۆراکیان هاوسەنگتر بووە، سەبارەت بە پیاوان، کاریگەرییەکان کەمتر بوون.
بەگوێرەی وتەی توێژەران ئەو تایبەتمەندیانەی دژە ئۆکسێنەر و دژە هەوکردن لە خۆراکە تەندروستەکاندا دەبینرێن، ڕۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشی درێژخایەن.