پەیامنێرانی بێسنوور: ئەمساڵ زیاتر لە 50 ڕۆژنامەنووس کوژراون

وێنەی تەرمی ڕۆژنامەنووسێک لە غەززە 'ئەرشیف'
وێنەی تەرمی ڕۆژنامەنووسێک لە غەززە 'ئەرشیف'

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-12-2024، بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت: "لە ساڵی 2024دا، 54 ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا کوژراون، کە یەک لەسەر سێی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لەسەر دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە، "سوپای ئیسرائیل لەمساڵدا 18 ڕۆژنامەنووسی کوشتووە، کە 16 ڕۆژنامەنووسیان لە غەززە و دوو ڕۆژنامەنووسیش لە لوبنان بووە".

پەیامنێرانی بێ سنوور ئەوەشی ئاشکرا کردووە، "فەڵەستین مەترسیدارترین وڵاتە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەو پێیەی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان زیاتر بووە لە هەر ولاتێکی دیکە".

هەروەها ڕێکخراوەکە 4 سکاڵای لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل تۆمارکردووە و پەیوەندییان بە تاوانەکانی جەنگەوە هەیە، کە سوپای ئیسرائیل دژی ڕۆژنامەنووسان کردوویانە.

پەیامنێرانی بێ سنوور ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، "زیاتر لە 145 ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لەو کەرتە کوژراون، کە 35 ڕۆژنامەنووسیان لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا کوژراون". 

لە ڕاپۆرتێکی جیادا کە ڕۆژی سێشەممە، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکرایەوە، دەڵێت: لە ساڵی 2024دا، 104 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان کوژراون، کە زیاتر لە نیوەیان لە غەززە بوون.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە بە ئەنقەست زیان بە ڕۆژنامەنوسان بگەیەنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دان بەوەدا دەنێت کە هەندێکیان لە هێرشە ئاسمانیەکاندا کوژراون کە بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکان کراون. 

دەیڤید مەنسەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە ئەم ژمارانە ڕەتدەکەینەوە، پێمان وایە ئەوە ڕاست نییە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە دەزانین کە زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی غەززە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ژێر چاودێری حەماس کار دەکەن و ڕێگەیان پێنادرێت بە ئازادی زانیارییەکان بگوازنەوە".