زانکۆی سەڵاحەددین: بەشی زمانی چینی زۆرترین هەلی کاری هەیە

سەرۆکی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، بە شێکی زۆری قوتابیانی بەشی زمانی چینی زانکۆی سەڵاحەددین بەر لە دەرچوونیان کار دەدۆزنەوە و دەبنە خاوەن کاری خۆیان. 

پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، د. سامان حوسێن، ڕاگری کۆلیژی زمان و سەرۆکی بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەددین، تایبەت بە ماڵپەری کوردستان 24 ڕایگەیاند، دەرچووانی بەشی زمانی چینی زووتر دەبنە خاوەنی کار و هەلی کاریان بۆ دەرەخسێت. 

ڕاگری کۆلیژی زمان دەشڵێت: "بۆ ئەمساڵ 70 قوتابیمان لە بەشی زمانی چینی وەرگرتووە، لە قۆناغی دووەمی بەشی زمانی چینی 27 قوتابیمان هەیە، قۆناغی سێیەمیش 13 قوتابی، بەڵام هیچ قوتابییەکمان لە قۆناغی چوارەمدا نییە، هەروەها تاکوو ئێستە 13 قوتابی دەرچوون، کە سەرجەمیان بونەتە خاوەن کاری خۆیان".

سامان حوسێن، ئاماژەی بەوەش کرد، "دەرچووی بەشی زمانی چینی هەیە دوای تەواوکردنی زانکۆ ڕاستەوخۆ بۆتە وەرگێڕی کونسولی چین، ئاسانکاری زۆرکراوە بۆ ئەو قوتابییانەی خولیای خوێندنیان هەیە لە بەشی زمانی چینی و بۆ ئەمساڵ لە نمرەی 60 کەمتر وەرنەگیراوە لەو بەشە."

بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین- هەولێر، لەساڵی 2019 کرایەوە ویەکەمین بەشی زمانی چینییە لە هەموو عێراق.