لە سووریا 8 وڵات دەست بە کارە دیپلۆماسییەکانیان دەکەنەوە
پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەشی کاروباری سیاسی حکوومەتی کاتی سووریا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ 8 وڵات دەربڕی کە دەست دەکەنەوە بە کاری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان لە دیمەشقی سووریا.
وەزارەتی کاروباری سیاسی لە حکوومەتی کاتی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپاس و و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەک دەکەین، لە کۆماری عەرەبی میسر، عێراق، شانشینی سعودییە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، شانشینی ئوردن، بەحرەین، سەڵتەنەتی عومان و ئیتالیا بۆ دەست پێ کردنەوەی کاری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان لە سووریا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، دووپاتی دەکەینەوە قەتەڕ و تورکیا ڕاستەوخۆ باڵیۆزخانەکانیان لە سووریا دەکەنەوە، هەروەها گەلی سووریا ئەو پاڵپشتییە لە بیرناکەن و هەموومان هیوادارین پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە ڕێز لە ئیرادەی گەل و سەروەری دەوڵەتی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکانی دەگرن، دروست بکەین.
بەرەبەیانی یەکشەممە، بەشار ئەسەد بە فڕۆکە وڵاتەکەی جێهێشتووە، زانیاریی هەڵاتنی بەشار ئەسەد لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاو کراوەتەوە کە ئەسەد بە فڕۆکە هەڵاتووە و دیمەشقی جێهێشتووە.