بلێنكن لەسەر پرسی سووریا گەیشتە تورکیا
ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا لەسەر پرسی سووریا گەیشتە ئەنقەرە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان دۆخی سووریا گفتوگۆ دەکەن.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، بلێنکن دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی ئەنقەرە، ڕاستەوخۆ چووەتە هۆڵی سەرەکی و پێشوازیی و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەسەر دۆخ و چارەنووسی سووریای نوێ گفتوگۆ دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پاش ئوردن، تورکیا دووەم وێستگەی گەشتەکەیەتی.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆیتەرز، بلێنکن ئەمشەو لە تورکیا دەمێنێتەوە و سبەی هەینی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆ دەبێتەوە.
بڵاوکراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم سەردانەیدا جەخت لە پێکهێنانی حکوومەتی گشتگیر دەکاتەوە کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵاتەکە بکات.