کێربی: بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە

جۆن کێربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا
جۆن کێربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا

ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەڵێت: ناهێڵین داعش ئەو دەرفەتەی ئێستای سووریا بقۆزێتەوە و خۆی بەهێز بکاتەوە، بۆیە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، جۆن کێربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هێزەکانی ئەمەریکا تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی تیرۆستی داعش لە سووریان.

ئاماژەی بەوە دا، ئێستا داعش لە ناوچەیەکی بێ حوکمڕانە و، ئێمە ناهێڵین ئەو دۆخەی ئێستای سووریا بقۆزێتەوە و دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە، بۆیە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین.

لەبارەی بزووتنەوەی حەماسەوە، ناوبراو گوتی: دوای نەمانی ڕژێمی ئەسەد و نەگەیشتنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ حەماس، ئێستا بزووتنەوەکە بە تەواویی لاواز بووە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە کە بێن ڕێککەوتن بکەن تا ئاگربەست ڕابگەینرێت لە غەززە، لەو بڕوایەدام دەرفەتێکیش هەیە بۆ ئەو کارە.