دادگایەکی ئەمەریکا بەڕێوەبەری پێشووی زیندانێکی سووریای بە ئەشکەنجەدانی زیندانییان تۆمەتبار کرد

یەکێک لە زیندانییەکانی سووریا 'ئەرشیف'
یەکێک لە زیندانییەکانی سووریا 'ئەرشیف'

ئەمڕۆ هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پیاوێکی سووری کە لە ئەمەریکا زیندانی کراوە، بەڕێوەبەری زیندانێکی دیمەشق بووە لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008، تۆمەتبار بووە بە ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان.

سەمیر عوسمان ئەلشێخ تەمەن 72 ساڵ، کە پێش شەڕی سووریا بەڕێوەبەری زیندانی عەدرا بووە، لەلایەن واشنتنەوە تۆمەتبار کراوە، بەوەی ئازاری جەستەیی و دەروونی توندی دەستگیرکراوەکانی  داوە هەروەها فەرمانیشی بەکارمەندەکانی کردووە بە ئەشکەنجەدانی زیندانییان.

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.