بلینکن: لەگەڵ تورکیا داهاتوویەکی باش بۆ گەلی سووریا دەستەبەر دەکەین
بەردەوامین لە کۆتایی هێنان بە داعش
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەمانەوێت لەگەڵ تورکیا داهاتوویەکی باش بۆ گەلی سووریا دەستەبەر دەکەین.
هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە هەوڵی ئەوەداین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیادا بەهێزتر بکەین، بۆ ئەوەی ئەم هاوبەشییە بەکار بهێنین لە پرسە جیاوازەکاندا بۆ هاوولاتییانی هەردوو وڵات تا باشتری کەین.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: "لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کۆبووینەتەوە بۆ تاوتوێ کردنی باردۆخی سووریا، بۆ ئەوەی بتوانین داهاتوویەکی زۆر باش بۆ گەلی سووریا دەستەبەر بکەین، لە دوای ڕووخانەی ڕژێمی بەشار ئەسەد."
دەشڵێت: "ئێمە دەمانەوێت داهاتوویەک بۆ گەلی سووریا بنیات بنێین کە خۆیان دەیانەوێت، گفتوگۆش کراوە دەربارەی ئەوەی ئەمەریکا و تورکیا لەم دۆخەدا چۆن هاوکاری سووریا بکەن و لەگەڵ ئەم حکوومەتە کاتییەی سووریا چۆن مامەڵە بکەین و بتوانین ئەم حکوومەت وا لێ بکەین مافی ئافرەتان، پێکهاتەکان و هەموو گەلی سووریا دەستەبەر بکات.
بلینکن گوتیشی: "ئەو چەکە کیمیاوییانەی حکوومەتی ڕووخاوی سووریا جێی هێشتووە، هیوادارین ئەم حکوومەتە ڕاگوزەرە بتوانێت لەناویان ببات بە شێوەیەکی سەلامەت، بۆ ئەوەی نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئەم حکوومەتەش و لە داهاتوودا نەبێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دیکە."
دەشڵێت: "دەمانەوێت بەشیویەکی باش مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی سووریا بکەین، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کار بکەین، بۆ ئەوەی گەلی سووریا ڕزگار بکەین لەو ئازارانەی لە دەست ڕژێمی پێشوو کە بەدەیان ساڵە گەلی سووریایی چەوساندووەتەوە کەم کەینەوە."
ئەنتۆنی بلینکن، ڕاشیگەیاند "سەرنجێکی دیکەشمان لەو وڵاتە ڕووبەرووبوونەوەی داعشە، کە چەندان ساڵە شەڕی داعشمان کردووە لە سووریا، ئێستەش بەردەوامین لە کۆتایی هێنان بە داعش، لە کۆتاییشدا ئێمە گفتوگۆمان لەسەر غەززە و ئەو دەرفەتانە کرد، تاکوو بتوانین بە تەواوی ئاگربەست ڕابگەیەنین لە غەززە و بارمتەکانیش ڕزگار بکەین."