زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری سووریا لە سویسرا بلۆککراوە

وەزارەتی ئابووری سویسرا ڕایگەیاند، 112 ملیۆن دۆلاری سووریا بەهۆی سزاکانەوە لە سویسرا بلۆککراوە. 

وەزارەتی ئابووری سویسرا لە ڕاگەیاندراوێکدا، ڕەتیدەکاتەوە ئەو پارەیە هی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا بێت. 

وەزارەتەکە ڕوونیشیکردەوە، لە ساڵی 2011 سویسرا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنێکیان پەسەندکرد، کە بەهۆیەوە ئەسەد و هاوبەشەکانی کرانە ئامانج، ئەویش بەهۆی ئەو پێشێلکارییە بەربڵاوانەی مافی مرۆڤ بوو کە لەلایەن حکوومەتەکەیەوە دەکرا.

وەزارەتی ئابووری ئاماژەی بەوەش دا، ئەم سەروەت و سامانە ڕاستەوخۆ هی ئەسەد نییە، پێشتریش ڕۆژنامەی "نۆ زوریچەر زایتونگ" بڵاویکردبوویەوە، سەروەت و سامانی سووریا لە سیستەمی بانکی سویسرا کەمە.

ڕۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە، پێشتر دامەزراوە داراییەکانی سویسرا، 130 ملیۆن فرانکی سویسری کە دەکاتە 147 ملیۆن دۆلاریان لە سەروەت و سامانی سووریا بلۆککردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.