ئیمامئۆغڵو: بەم نزیکانە سەردانی هەولێر دەکەم
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، دەیەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەولێر بکات و هیواخوازە کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێریش بەڕێوەبچێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ دوای کۆنفرانسی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستانبوڵ، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیواخوازە کۆبوونەوەیەکی دیکەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە هەولێر بەڕێوەبچێت.
گوتیشی: بۆچی کۆبوونەوەی لەمجۆرەی ئیستانبوڵ لە هەولێریش نەکرێت؟، ئامانجی سەرەکیی ئێمە بەدامەزراوەیی کردنی ئەم پرۆسەیەیە؛ هیوادارم ڕۆژێک لە هەولێر دەبینە میوانی دۆستی خۆشەویستم ئومێد خۆشناو، لە پارێزگای هەولێر بازرگانییەکی چڕ و پڕ هەیە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئاماژەیدا، بە میواندارییکردنی ئومێد خۆشناو خۆشحاڵن و دەیەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی هەولێر بکات، باسی لەوەشکرد، ئامانجی سەرەکیی پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانە لەگەڵ هەولێر، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دۆستەیەتیان پتەوتر کردووە.
کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە بەشداری ئومێدی خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ئیستانبوڵی تورکیا بەڕێوەدەچێت، کە 15 سەرۆک شارەوانی و پارێزگار لە 10 وڵات بەشداری کۆنفرانسەکە بوون