هەولێر بەشداری کۆنفرانسی ئاشتی و هاوکاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بوو
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسەکە بوو، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بەهێزبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان شارەکان کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی پەیەندی نێوان گەلان و حکوومەتەکانی ناوچەکە دەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئێمە لە پارێزگای هەولێر و لە عێراقیش پارێزگاری بەغدا بەشداری کۆنفرانسەکە بووین و گفتۆگۆکانی کۆنفرانسەکەش هاندانە بە ئاراستە ئاشتەوایی و دروستبوونی پەیوەندییە لە نێوان شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی کوردستان24 گوتی: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە لەسەر بنەمای تێڕوانینەکانی سەرۆک بارزانی لە دیدگایەکی فراوانی ڕۆڵ بینینی ئاشتیانە و هاوکات لەگەڵ بوونی پەیوەندییەکی ئاسایی هەرێمی کوردستان لە وڵاتاندا، بە تایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، بەمجۆرە بووە کە ئێمە هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەک بە گرنگ وەربگرین.
گوتیشی: لەم کۆنفرانسە باس لە گەشە سەندنەکانی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتیی، لەگەڵ پێکەوە ژیان و هەنگاوەکانی ئاشتی کرد.
هەروا ئاماژەیدا، هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ تورکیا هەیە، پەیوەندییەکانی بۆ پارێزگاکان شۆڕ بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە، چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا بەگرنگ بزانین، بە هەمانشێوە ئەوانیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەولێر بەگرنگ دەزانن، هەربۆیە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بەڵێنیداوە بەم نزیکانە سەردانی هەولێر بکات، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بەپەیوەندییەکان بدەین، کە لەلایەنی بازرگانییەوە بۆ هەردوولا سوودی هەیە.
سەبارەت بە گرنگی کۆنفرانسەکە و دۆخی ناوچەکە، ئومێد خۆشناو گوتی: ڕۆڵی شارەکان لە پرۆسەی ئاشتی گرنگی خۆی هەیە، هەربۆیە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی تەواو لە بەهێزکردنی پەیوەندی شارەکانی ناوچەکە دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 13 کانوونی یەکەمی 2024، کۆنفرانسی پارێزگار و سەرۆک شارەوانییەکان بۆ ئاشتی و هاوکاری لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو.