سوودانی: عێراق چاوەڕێی کردارە لە حکوومەتی کاتیی سووریا

کۆبوونەوەی سوودانی و بلینکن لە بەغدا
کۆبوونەوەی سوودانی و بلینکن لە بەغدا

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان بوونیان هەبێت بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە سەقامگیرییەکەی.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغدا پێشوازیی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرد.

لە ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەی بلینکن و سوودانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگەکانی بەرزکردنەوەی هاوکارییە هاوبەشەکان تاوتوێ کران.

هاوکات تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە و ڕووداوەکانی ئێستای سووریا و ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەی کە پێویستن بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش لە سووریا و سەقامگیرکردنی کران.

سوودانی، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان بوونیان هەبێت بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە سەقامگیرییەکەی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی چاوەڕێی کردار نەک قسە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەکات کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی سووریا لە قۆناغی ڕاگوزاردا. 

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: پێویستە حکوومەتی عێراق سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزێت و هێزەکانی تۆکمە بکات. 

لە بارەی سووریای نوێ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا دابمەزرێنرێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا پابەندە بە کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری ئاسایش لە پێناو پاراستنی سەروەری عێراق دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەروەریی وڵاتەکەی دەپارێزێت.