لە باشووری کەرکووک تیرۆریستێک بەر لە خۆ تەقاندنەوە کوژرا
دەزگای هەواڵگری ئەمنی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، لە کەرکووک چەکدارێکی تیرۆریستیان کوشتووە کە بەنیازبووە بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو خۆی بتەقێنێتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو تیرۆریستە بەنیازبووە لە نێو خواردنگەیەک کردەی خۆکوژی بکات.
دەزگای هەواڵگری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووتەوە، شانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەماهەنگی فەوجی تەکنیکی، لە ئۆپراسیۆنێکدا توانیویانە لە نزیک شارۆچکەی داقوق تیرۆریستێک بکوژن، بەر لەوەی بە پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکەی خۆی بتەقێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، ئۆپراسیۆنەکە پاڵپشت بە زانیاری وردی هەواڵگریی بووە و دوای ئەوەی گەمارۆی تیرۆریستەکەدا دراوە و دەرفەتی خۆ تەقاندنەوەی پێنەدراوە و کوشتوویانە.
هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک پێی ڕایگەیاندین، ئۆپراسیۆنەکە لە نێوان گوندی حەفتەغار و شارۆچکەی داقوق بووە، بە گوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەو تیرۆریستە بەنیازبووە بچێتە نێو خواردنگەیەک لەوێدا خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان پێشوەختە بۆسەیان بۆی داناوەتەوە و کوشتوویانە.
گوتیشی: هەر ئەمڕۆ لە شارۆچکەی حەویجە لەسەر باڵەخانەی قوتابخانەیەک ئاڵایەکی ڕێکخراوی داعش بەرز کراوەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان زوو چوون و هێناویانەتە خوارەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە چەکدارانی داعش لە سنووری باشووری کەرکووک جموجوڵیان زیادی کردووە، بە تایبەت لە سنووری شارۆچکەی حەویجە و شارەدێکانی ڕیاز و ڕەشاد.