ستارمەر داوا لە گرووپی حەوت دەکات سزاکانی سەر ڕووسیا زیاد بکەن
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1734149440_kurdistan24.jpg)
کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا داوای لە سەرکردەکانی وڵاتانی جی حەوت کرد، لە ڕێگەی سزاکانەوە گوشارەکان بۆ سەر ڕووسیا زیاد بکەن و پتر هاوکاریی کییڤ بکەن.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دوای کۆنفرانسی سەرکردەی وڵاتان، ستارمەر، داوای لە سەرکردەکانی گرووپی حەوت کردووە، پاڵپشتیی سەربازیی بۆ ئۆکرانی زیاتر بکەن، لە ڕێگەی سەپاندنی سزای ئابووری دیکەوە، زیاتر فشار لە ڕووسیا بکەن.
ستارمەر پێی وایە "زیادکردنی پشتیوانیی بۆ ئۆکرانیا لەم کاتەدا پێویستە."
لای خۆیەوە مۆسکۆ ئاماژەی بەوەدا هاوکارییە سەربازییەکان، کیێڤ ڕزگار ناکەن و هەر کاروانێکی هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا چەکی تێدا بێت، ڕووسیا بۆمبارانی دەکات.
پێشتر ڤلادیمێر پوتین، جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی کۆنترۆڵکردن و لاوازکردنی ڕووسیا ستراتیجییەکی درێژخایەنە بۆ ڕۆژئاوا و کاریگەری نابێت، ئاماژەی بەوەش کرد، سزاکان گورزێکی ڕژدیان لە تەواوی ئابووریی جیهانی داوە.