بلومبێرگ ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی بلینکن و سوودانی ئاشکرا دەکات
پێگەی بلومبێرگ، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریكییەوە زانیاریی نوێ لەبارەی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات، سەرچاوەكە دەڵێت: ئەنتۆنی بلینکن، داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە ڕێگە نەدات ئێران لەڕێگەی عێراقەوە چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ سووریا بگوازێتەوە. هەروەها ڕێوشوێنی توندیش بەرامبەر بە گرووپە چەكدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، بگرێتەبەر.
پێگەی بلومبێرگ، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریكییەوە كە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بكرێت، بڵاوی کردووەتەوە "ئەنتۆنی بلینکن بە سوودانی گوتووە سووریا هێشتا لە دۆخێکی ناسکدایە و واشنتۆن دەیەوێت عێراق ڕێگریی لە هاتنە ناوەوەی هەر جۆرە چەکێک بکات کە گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بەکاری بھێنن و وڵاتەکەی پێ ناسەقامگیر بكەن. بلینکن بە سوودانیشی گوتووە، ڕێوشوێنی توند بەرامبەر بەو گرووپانە بگرێتەبەر."
ھاوكات، بەگوێرەی ڕاگەیەندراویكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بلینکن ئاماژەی بەوەش کردووە "عێراق ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و هاوبەشێکی بنەڕەتییە لە ناوچەکەدا، کە گرنگە پرس و ڕای پێ بکرێت بۆ ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، هەروەها پێویستە ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پابەندبن بە پاراستنی ئاسایش، سەروەری و سەقامگیریی عێراق."
سەردانەكەی دوێنێی وەزیری درەوەی ئەمەریكا بۆ بەغدا، دوای ئەوە دێت کە ڕۆژێك پێشتر، سەردانی ئەنقەرەی كردبوو و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیاش کۆ بووەوە. سەردانەكەی بلینکن بۆ ناوچەکە لەكاتیكدایە، ڕۆژی 8ـی ئەم مانگە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارەكانی سووریا، دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند.