گەڕانەوەی پەنابەرە سوورییەکان کێشەی دەستی کار بۆ ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپایی دروست دەکات

بازنەی ئەو وڵاتە ئەورووپاییانەی پێدانی مافی مانەوەیان بە سوورییەکان ڕاگرتووە، تا دێت فراوانتر دەبێت؛ بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەیەک، گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە، کێشەی دەستی کار بۆ ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپایی دروست دەکات.

ئەو ڕژێمەی کە سوورییەکان 13 ساڵ خۆپیشاندانیان دژی کرد، ڕووخا؛ ئەسەد و بنەماڵەکەی هەڵهاتن. ئێستە حکوومەتی کاتی لە دیمەشق دەسەڵاتدارە، ئەورووپاییەکانیش کەوتنی بەشار ئەسەد بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی چی دیکە مافی پەنابەرێتی بە سووریەکان نەدەن، چونکە وڵاتەکەیان ئازادە. 

 بە گوێرەی بەرگریی شارستانیی سووریا، بە هۆی سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، نزیکەی 13 ملیۆن سووری ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و بەشێکیان چوونەتە ئەورووپا.

ئامارەکانی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، دەری دەخەن، لە ماوەی 13 ساڵدا، نزیکەی چوار ملیۆن سووری چوونەتە ئەورووپا کە زۆرترینیان لە ئەڵمانیا جێگیر بوون و ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەرە.

ئەو ڕژێمەی پەنابەرە سوورییەکان لێی هەڵ دەهاتن و لەبەر ئەو، داوای مافی مانەوەیان لە ئەورووپا دەکرد، ڕووخاوە؛ یەکێتیی ئەورووپاش بە یاساکانی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە سوورییەکاندا دەچێتەوە، تەنانەت بەشێکیشیان دوای ڕووخانی ئەسەد ڕێکارەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتییان بە سوورییەکان ڕاگرتووە. لەوانەش ئەڵمانیا، نەمسا، فەرەنسا، بەریتانیا، یۆنان و دانیمارک. 

لە نوێترین هەنگاودا، نەمسا بڕیاری داوە نەک هەر پێدانی مافی مانەوە بە سوورییەکان ڕابگرێت، بەڵکوو لە ئەگەری گەڕانەوەیان، هەزار یۆرۆ بداتە هەر پەنابەرێک.

هەرچی پەیوەستە بە پەنابەرانەوە، لەگەڵ ئەوەی دڵخۆشن بەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان لەکۆڵ بووەتەوە، بەڵام دوودڵن لە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان، چونکە دۆخی ئابووری لەوپەڕی خراپیدایە و ئاڵنگاری گەورەی دێتە بەردەمیان. بەپێی  توێژینەوەکانیش وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا لە ئەگەری ناردنەوەی پەنابەرە سوورییەکان، کێشەی گەورەی دەستی کاری بۆ دروست دەبێت.