کوردستان24 وەک یەکەم مێدیای کوردی چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە دیمەشق ئاشکرا دەکات

ئێسک و پروسکی گۆڕە بەکۆمەڵەکە
ئێسک و پروسکی گۆڕە بەکۆمەڵەکە

کوردستان24 وەک یەکەم مێدیای کوردی، دەچێتە گۆڕستانێکی دیمەشق، کە چەندان گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانییەکانی ژێردەستی ڕژێمی ئەسەدی تێدایە.

تیمی کوردستان24،  چووەتە گۆڕستانی 'پردی بەغدا' کە 30 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە، گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەو شوێنە، هەزاران تەرمیان تێدایە، کە هەر تەرمێک لە گونییەیەکدایە و ناو و ژمارەی لەسەر نووسراوە.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە خەڵکی ناوچەکەیە، گونییەیەکی کردەوە و بە کوردستان24ـی گوت: "ئەوە ئێسک و پروسکی مرۆڤێکە کە لەسەر دەستی ڕژێمی سووریا کوژراوە. کە ئەم گۆڕانە، نزیکەی پێنج تا شەش هەزار تەرمیان تێدایە"

ئەو شایەتحاڵە، ئاماژەی بە یەکێک لە گونییەکان کرد کە ناوی 'ڕەعد مەحموود' زیندانی بەژمارە 125ـی لەسەر نووسرا بوو، گوتی: ئەم تەرمە و هەزارانی تر، ڕژێمی ئەسەد هێناونی بۆ ئێرە چاڵی بۆ هەڵکەندوون و بەشێوەی گۆڕی بە کۆمەڵ شاراونەتەوە."

جەختیشی کردەوە "من دەمبینی، هەموو ڕۆژێک ڕژێمی سووریا بە ئۆتۆمبێل ئەوانەی دەهێنا ئێرە و چاڵی بۆیان هەڵدەکەند و دەیشاردنەوە"