ماهر ئەسەدی ئیمپراتۆڕی کێپتاگۆن و قەسابەکەی دەرعا لە عێراق دەرکرا

ماهر ئەسەد
ماهر ئەسەد

ماهر ئەسەدی برا بچووکی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا،  ئیمپراتۆڕی کێپتاگۆن و قەسابەکەی دەرعا هەڵات و گەیشتە عێراق، بەڵام عێراق زوو دەری کرد و گوتی: نامانەوێت لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بکەوینە کێشە.

ماهر ئەسەد، فەرماندە دڵڕەقەکە، خاوەنی کارگەکانی مردن و بازرگانی هەرە گەورەی ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ماهر ئەسەد، برای بچووکی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵهاتووی سووریایە، ئەو بەتەمەنی بچووکەوە چەندین پلەی سەربازیی باڵای بڕیبوو، لە مەیدانی سەربازیی سووریا بکوژ و ببڕ خۆی بوو، بەڵام بەشاری برای لەکاتی هەڵهاتن و ڕووخانی ڕژێمەکەی نەوەک هەر پرسی پێ نەکردبوو، تەنانەت ئاگەداریشی نەکردەوە.

ماهر ئەسەد، بچووکترین کوڕی سەرۆکی کۆچکردووی سووریا حافز ئەسەدە، متمانەپێکراوی بەشار ئەسەدی برای بوو، ژیانی بە تەواوی دوور بوو لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011، کرابوویە فەرماندەی فیرقەی چواری زریپۆش کە بەنزیکترین فیرقە لە بەشار ئەسەدەوە ناسرابوون، خاوەنی ناوبانگێکی خراپیش بوون لە وەحشیگەری و کوشتنی خۆ نیشاندەر و ئازادیخوازان.

ماهر ئەسەد لەنێو خەڵکدا بە قەسابەکەی دەرعا ناوبانگیی دەرکردبوو، ئەوەش بەهۆی کوشت و بڕی خۆ نیشاندەران لە شاری دەرعا، ماهر پەیوەندیی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی خۆشی پتەو نەبوو، بەڵکو هەمیشە پەیوەندییەکانیان پڕ بووە لە ناکۆکی، تەنانەت هەندێ سەرچاوە ماهر تاوانبار دەکەن بە تێوەگلان لە کوژرانی باسل ئەسەدی برا گەورەی، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەکرایەوە، ماهر سەرباری ناوبانگە خراپەکەی لە کوشتن و بڕین، دەستێکی باڵای هەبوو لە بازرگانیی کردن و  دروستکردنی کارگە بۆ ماددەکانی هۆشبەر، بەتایبەتی حەبی کێپتاگۆن، تەنانەت بەرهەمەی کارگەکانی ماهر لە سووریاوە دەگەیشتنە، سعودیە، ئوردن، میسر، عێراق، وڵاتانی ڕۆژئاواش، ماهر ئیمپراتۆری حەبی کێپتاگۆن بوو، هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن، ناوبراو هاوبەش و شەریکی بازرگانیی لە ماددەی هۆشبەر لە عێراقیشدا هەبوو، بەڵام چارەنووسی ماهر لە بەشاری برای باشتر نەبوو.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە کاتی هەڵهاتن، بەشار ئەسەد، تەنانەت ماهری برای ئاگەدار نەکردووەتەوە، دواتر ماهر ناچار بووە بە کۆپتەر خۆی بگەیەنێتە عێراق و دواتریش بەرەو ڕووسیا هەڵبێت، بەگوێرەی زانیارییەکان، ،ماهر لە عێراق پێشوازیی لێنەکراوە و داوای لێکراوە تا زووە عێراق بەجێبهێڵێت، چونکە بەغدا نایەوێت کێشە لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا دروست بکات.