ئەحمەد شەرع: هیچ پاساوێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە سووریادا نەماوە
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا دەڵێت: ئیسرائیل بوونی ئێرانی دەکردە بیانوو بۆ هاتنە نێو خاکی سووریا، بەڵام ئێستا ئەو بیانووەی نەماوە. جەختی لەوە کردەوە، کە بە نیازی هیچ جۆرە ململانێیەک نین لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا، ڕایگەیاند: ئەوە لە سووریا ڕوویدا ڕێککەوت نەبوو، بەڵکو پلانێک بوو کە ساڵانی ڕابردوو خۆمان بۆ ئامادە کردبوو، هەروەها ئێستا پلانمان بۆ چارەی هەموو قەیرانەکانی وڵاتەکە هەیە.
ئەو فەرماندەیەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا، دەڵێت: هیچ پاساوێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە سووریادا نەماوە. هەروەها ئیسرائیل بوونی ئێرانی دەکردە بیانوو بۆ هاتنە نێو خاکی سووریا، بەڵام ئێستا ئەو بیانووەی نەماوە. جەختی لەوە کردەوە، کە بە نیازی هیچ جۆرە ململانێیەک نین لەگەڵ ئیسرائیل.
ناوبراو باسی لەوە کرد، دووژمنایەتییان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێرانی نییە. گوتیشی: ڕووسیا لە ڕژێمی ئەسەد بێزار ببوو بۆیە دەستوەردانی نەکرد بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
ئەحمەد شەرع، باسی لە ماددەی هۆشبەر کرد و ڕوونی کردەوە، ڕژێمی ئەسەد سووریای کردبووە ناوەندێک بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر، بە تایبەت دروستکردنی حەبی کاپتاگۆن و هەناردەی وڵاتانی دراوسێی دەکرد.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، سنوورێک بۆ ماددەی هۆشبەر لە سووریا دادەنێن. گوتیشی: "لەپێناو پەیوەندییەکی باش دەرفەتمان بە ڕووسیا داوە."
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێم لە دامودەزگە گشتییەکانی دەوڵەت، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و کۆنترۆڵیان کرد و بەمەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.