ناوەڕۆکی پەیامەکەی بلێنکن بۆ عێراق ئاشکرا بوو
ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق لە سەردانە لەناکاوەکەی بۆ ئەو وڵاتە ئاشکرا بوو، بەپێی زانیاریی بەرپرسانی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلێنکن عێراقی ئاگەدار کردووەتەوە لەوەی ڕێکاریی پێویست بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان بگرێتە بەر کە ئێران پشتیوانییان دەکات، دووپاتی لەوەش کردووەتەوە کە لەگەڵ کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، تارانی خستووەتە حاڵەتی بەرگریی.
بلێنکن ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت عێراق ڕێگە لە گواستنەوەی چەکی ئێرانی بگرێت بۆ هەر گرووپێک لە سووریا کە پشتیوانییان دەکات.
هەینی ڕابردوو 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا، لەگەڵ ئەنتۆنی بلێنکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو ڕۆژە بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزێت و هێزەکانی تۆکمە بکات.
لە بارەی سووریای نوێ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژەدا گوتی: پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا دابمەزرێنرێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا پابەندە بە کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری ئاسایش لە پێناو پاراستنی سەروەری عێراق دڵنیابوونەوە لەوەی کە سەروەریی وڵاتەکەی دەپارێزێت.