ماکرۆن و سوودانی تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریا دەکەن

سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان کردەوە، هاوکات باسیان لە ڕۆڵی سەرەکیی عێراق لە ناوچەکە کرد.

ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریایان کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەموو هەوڵەکان بۆ یارمەتیی سوورییەکان کردەوە، هەروەها بە پێویستی زانی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریا نەکرێت.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کە پێویستە لە ڕێگەی قۆناغی ڕاگوزەر مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەر بکرێت. گوتیشی: یەکپارچەیی سووریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گرنگە.

لای خۆیەوە، سەرۆکی فەرەنسا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق لە بەرانبەر ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دووپات کردەوە و جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی عێراق لە ناوچەکە کردەوە.