وەزارەتی پلاندانان کۆتاییهاتنی پرۆسەی سەرژمێری ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی پلاندانان هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمشەو کاتژمێر 12 کۆتایی بە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دێت.
شەممە 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای بوونی ئاستەنگی دارایی، تەکنیکی و هونەری، کەمی کات لەبەردەممان، بۆ ئامادەکاری و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە هەرێم و ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دواجار توانرا ئەم پرۆسە گەورە و گرنگە بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند: ئەمشەو کاتژمێر 12 کۆتایی بە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دێت، هەروەها وەزارەتەکە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، وەزیرەکان، تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارمەندانی بەشداربوو لە پرۆسەکە دەکات.
شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی سێیەم و کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد کە بە قۆناغی 77 پرسیارەکە ناسرابوو.
دووشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2024 د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و گوتی: کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووان، زیاتر لە شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێم ڕاگەیەنرا.