دلاوەر عەلائەدین: دەبێت هەسەدە خۆی لە هەموو هەژموون و کاریگەرییەکی دەرەکی بترازێنێت

دلاوەر عەلائەدین لە بەرنامەی(ئێکس)ـی کوردستان24
دلاوەر عەلائەدین لە بەرنامەی(ئێکس)ـی کوردستان24

دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)، لە بەرنامەی(ئێکس)ـی کوردستان24 کە کۆڤان عیزەت پێشکەشی دەکات، دەڵێت: دەبێت هەسەدە خۆی لە هەموو هەژموون و کاریگەرییەکی دەرەکی بترازێنێت.

دلاوەر عەلائەدین ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاردەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆخۆیان نەیانتوانیووە بە سووک و زەقی نیشانی هەموو دونیای بدەن کە ئەمانە خاوەنی بڕیاری چارەنووسسازی خۆیانن لە سووریا، ئەگەرچی بایی ئەوەندەیان کردووە کە بیسەلمێنن خۆیان بڕیاردەرن و سووریایانە بیر دەکەنەوە، یەکپارچەیی خاکی سووریاشیان لا مەبەستە.

دەشڵێت: لێرەدا پێویستە هەسەدە، بڕیاردەرانی سیستەمە حوکمڕانییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەفتاریان، بڕیاریان وا بگەیەنێت کە تیشکیان لەسەر سووریای نوێیە و بڕیارەکەش لای خۆیانە؛ ئەگەر هاتوو خەڵکێک هەبێت قەندیل تۆمەتبار بکات، یاخود پەکەکە تۆمەتبار بکات بە دەستوەردان، هەن کوردانی عێراقیش تۆمەتبار دەکەن بە دەستوەردان، پێویستە هەم دیوە کوردییەکەی کە توانای دەستوەردانی هەیە بەزۆر یاخود کەم، دەرفەتییان بدات، بەبێ جیاوازیی هەموو لایەک لە باشووری کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەو بارودۆخە دەزانێت لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووەتە پێش، پێشیان خۆشە هەموویان، خاوەنی قسە بن لە ڕۆژئاوای کوردستان.

دلاوەر عەلائەدین دەڵێت: دەبێت هەسەدە خۆی بترازێنێت لەهەموو هەژموون و کاریگەرییەکی دەرەکی، تیشک بخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی و خەڵکەکەی لە سووریای نوێ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و ئەو هێزانەی کاریگەرن سەرلەنوێ دابڕیژێتەوە.