ئەبو محەممەد جۆلانی: کورد بەشێکە لە نیشتمان و هاوبەشە لە سووریای داهاتوودا

ئەحمەد ئەلشەرع "ئەبو محمەممەد جۆلانی" سەرکردەی تەحریر ئەلشام ڕایگەیاند، کورد بەشێکە لە نیشتمان و هاوبەشە لە سووریای داهاتوودا.

جۆلانی، لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی کورد لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی ئەم دواییە لە سووریا ڕوویان دا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، گوتی: "بە پێی یاسا پێکەوە دەژین."

ڕۆژی پێنجشەممە ئیدارەی کورد، ڕایگەیاند، بڕیاری داوە ئاڵای نوێی سووریا بەسەر سەرجەم دامودەزگاکانیدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە هەڵ بکات، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.

ئیدارەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئاڵای سەربەخۆیی، بە سێ ڕەنگی سەوز، سپی و ڕەش لەگەڵ سێ ئەستێرەی سوور، هێمای قۆناغی نوێیە، پاش کۆتاییهاتنی سەردەمی ستەمی ڕژێمی سووریا کە زیاتر لە نیو سەدە بەسەر خەڵکدا سەپاند.

ئیدارەکە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری داوە ئاڵاکە لەسەر هەموو ئەنجوومەن و دامودەزگا و دەستەی سەربەخۆی لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا هەڵ بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سوورییەکان مافی خۆیانە ئاهەنگ بگێڕن بۆ سەرکەوتن و دەسەڵاتێکی نوێ.

 

 

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment