بۆ جاری یەکەم دوای ڕووخانی ئەسەد، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە دیمەشق

گیەر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی2024، لە یەکەم سەردانیدا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، گەیشتە دیمەشق.
لەگەڵ گەیشتنی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا جەختی لەسەر پێویستی دەست بەکاربوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت کردەوە و داوای کرد بە تەواوی ئاسایشی خۆیان مسۆگەر بکەن.
پێدەرسن, هیوای خواست "بە خێرایی کۆتایی بە گەمارۆکانی سەر سووریا ببینێت و بەم زووانە پرۆسەی بوژانەوە دەست پێ بکات."
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، پێدەرسن, جەختی لە بایەخی دەست پێ کردنی ڕێبازێکی سیاسی گشتگیر لە سووریا کردەوە و داوای پاراستنی دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەشی کرد.
پێدەرسن, ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگە دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە سووریادا دەستکاریی نەکرێن، هەروەها بە خێرایی هاوکاریی مرۆیی بهێنرێتە ناو وڵاتەکەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا، جەختی لە بایەخی بینینی ڕێبازێکی سیاسی ڕاستەقینە کرد کە هەموو لایەنەکانی سووریا کۆ بکاتەوە.
پێدەرسن، لە بەیاننامەیەکدا لە 8ـی کانوونی دووەمدا ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ لە سووریا سەیری کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین - لاپەڕەیەکی ئاشتیی، ئاشتەوایی و گشتگیری بۆ هەموو سوورییەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا شایەتحاڵی قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی خۆیدا، هۆشداریشی دا لەوەی هێشتا ئاڵنگاری گەورە لە ئارادان.