سێ جووتیاری کورد بە دوو ساڵ زیندانی سزا دران

دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو عەرەبی هاوردە هەڵیانکوتایە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد لە گوندی مەنسووری حەفتەغار و شەڕو دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا درووست بوو، لەسەر ئەو ڕووداوە ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2024، لەلایەن دادگای داقوق لەسەر سکاڵای فائیز مەحموود کە عەرەبێکی هاوردەیە هەر یەک لە (سامان نەوزاد و خالد نەوزاد کە بران، لەگەڵ محەممەد نەجات) هەریەکێکان بە دوو ساڵ زیندانی سزا دران .
محەممەد ئیبراهیم ئەنجوومەنی گوندی مەنسوور بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، هەر سێ جووتیارکە بەمادەی 413 دەستگیر کراون و ئەمڕۆکەش بە بڕیارێکی ناڕەوا و نایاسایی بە دوو ساڵ زیندانی سزا دراون، ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە.
گوتیشی: ماددەکە پەیوەستە بە شەڕو دەمەقاڵێ، سزاکەشی ماددی یان شەش مانگ زیندانییە، نەک دوو ساڵ زیندانی، هەر بۆیە ئەوەی دادوەرەکە کردوویەتی لایەنگیریی تەواوی پێوە دیارە و لەبەرژەوەندیی عەرەبی هاوردەیە.
کاتی دەمەقاڵێکی جووتیارە کوردەکان لەگەڵ عەرەبی هاوردە ، سوپای عێراق دیمەنەکانی بە کامێرا، جووتیارە کوردەکانی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا ئەو کامێرایانەی دانراون بۆ چاودێریی جموجۆڵی داعشن لە سنوورەکە، کەچی هەر ئەوکاتە گرتە ڤیدیۆکەیان داوەتەوە دەستی عەرەبەهاوردەکان و بۆ ئەوەی سکاڵا لە دژی جوتیارانی کورد تۆمار بکەن.