سەرمایەکی وشکی جەمسەری هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووتەوە

کەشناسی عێراق: تاوەکوو دوو ڕۆژی دیکە کاریگەرییە سەرماکە بەردەوام دەبێت

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق، شەپۆلێکی سەرمای وشکی جەمسەری، هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووتەوە و تاوەکوو دوو ڕۆژی دیکەش کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت.

ناوەندی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2024، شەپۆلێکی سەرمای جەمسەری، ناوچەکەی گرتووتەوە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرماکە زیاتر دەبێت، ئەگەر هەیە دووشەممە و سێشەممە کاریگەرییەکانی بگاتە لووتکە و لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق هەست بە سەرمای زستان بکرێت.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، بەغدا، نەینەوا و دیالە پلەکانی گەرما لە سفر بۆ ژێر سفر دەبن، بە پێچەوانەشەوە بەرزترین پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی میسان، زیقار، بەسرە، موسەننا و دیوانیە پێشبینی دەکرێت.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی چەند ناوچەیەکی عێراقی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کەمتر دەبێتەوە بە تایبەت لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment