وەزیری بەرگری تورکیا داوا دەکات چەک لە یەپەگە بسەندرێتەوە

یەشار گولەر
یەشار گولەر

وەزیری بەرگری تورکیا داوا دەکات چەکە قورسەکان لە یەپەگە وەربگیرێتەوە و خۆیان شەڕی داعش لە سووریا بکەن، دەشڵێت: ئەو داوایەمان لە ئەمریکا کردووە.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، تاوەکوو ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، ئەمەریکا لە سووریا هەڵوێستێکی ڕوونی هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت هەمووان ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکەن، ناکرێت پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ یەپەگە بەردەوام بێت و دەبێ چەکە قورسەکان لە یەپەگە بسەندرێتەوە.

وەزیری بەرگری تورکیا یەشار گولەر لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا گوتی: بە ئەمەریکامان ڕاگەیاندووە، ئامادەن بەرپرسیارێتی کەمپەکان و شەڕی دژی داعش لە ئەستۆ بگرن، کەچی ئەمەریکا لە پشتیوانیکردنی یەپەگە بەردەوامە، دەشڵێت: حکوومەتی نوێی دیمەشق ڕێگە بە یەپەگە نادات وەک جاران هەڵسوکەوت بکات و دەبێت چەکە قورسەکانیان لێ بەسەندرێتەوە.

گولەر گوتیشی: ئێستا دۆخی سووریا گۆڕاوە و پێویستە هەموو لایەنەکان ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن، پێشتر نەوتی دێرەزوور سەرچاوەی داهاتی یەپەگە بوو، بەڵام ئێستا کەوتووەتە دەستی ئۆپۆزیسیۆن و یەپەگەش کەوتووەتە پەلە قاژە و لە تەنگانەدایە، چونکە ئامانجی سەرەکی تورکیا لەناوبردنی یەپەگەیە.

وەزیری بەری تورکیا ڕاشیگەیاند، چەکدارە بیانییەکانی نێو یەپەگە دەبێت لە سووریا بچنە دەرەوە و ئەوانەشی هاووڵاتی سووریین، دەبێت چەکەکانیان دابنێن و شێوازێکی ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق بدۆزنەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی نوێ سووریا خواستی لەسەر بێت، ئەوە تورکیا ئامادەیە پشتگیریی سەربازییان پێشکەش بکات و لە گرووپە تیرۆریستییەکان بیانپارێزێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment