عێراق: گۆڕینی پێگەی بەرزاییەکانی جۆلان نایاساییە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، پشتڕاستی کردەوە کە جۆلان خاکی داگیرکراوی سووریایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەر ڕێوشوێنێک بە ئامانجی گۆڕینی باری یاسایی و دیمۆگرافیای بێت، نایاساییە و پێشێلکردنی سەروەرییە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی بڕیاری حکوومەتی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی سیاسەتی نیشتەجێکردن لە جۆلانی داگیرکراوی سووریا دەکات."
دەشڵێت: "بڕیارەکە نوێنەرایەتیی پێشێلکارییەکی ئاشکرای نێودەوڵەتیی یاسا و بڕیارنامەکانی شەرعیەتی نێودەوڵەتییە."
ئاماژەی بەوەش کرد "هەڵوێستی عێراق پتەوە و پشتیوانیی هەموو مافەکانی کۆماری عەرەبی سووریا و گەڕانەوەی سەروەری بۆ تەواوی خاکە داگیرکراوەکەی دەکات." جەختیشی کردەوە "جۆڵان خاکی داگیرکراوی سووریایە، هەروەها هەر ڕێوشوێنێک بە ئامانجی گۆڕینی باری یاسایی و دیمۆگرافییەکەی بێت، بە نایاسایی و ناشەرعی دادەنرێت."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، هەڵوێستێکی ڕژد بۆ ئیدانەکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل وەربگرن، لە پێناو پاراستنی سەروەری یەکێتیی خاکی سووریا و مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی له ناوچەکەدا.
ڕۆژی یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، حکوومەتی ئیسرائیل پلانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی پەسەند کرد بۆ فراوانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە بەرزاییەکانی جۆلان.