ئیسرائیل بە چڕی تەرتووسی سووریای بۆمباران کرد

چڕی بۆمبارانەکە بە هێزی بوومەلەرزەیەکی سێ پلەی ڕێختەری بەراورد کراوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە درێژایی هەشت کاتژمێر چەند ناوچەیەکی سەربازیی پاشماوەی سوپای سووریای لە سنووری شاری تەرتووس بە چڕی بۆمباران کرد،  هاوکات بە یەکێک لە بەهێزترین هێرشەکانی 12 ساڵی ڕابردوو سەر سووریای ناوی دەبات.

ئەفسەرێکی پێشووی سوپای سووریا، کە نیشتەجێی تەرتووسە لە سەر هێرشەکە قسەی بۆ مێدیاکاران کردووە و ئاماژەی داوە "ئەوە یەکەمینجارە هێرشێکی گەورە و بەهێز دەکرێتە سەر شارەکە، کە بنکەکانی بەرگریی ئاسمانی و بنکە سەربازییەکانی سوپای ڕووخاوی سووریای لە نزیک گوندەکانی حەریسۆن، بەلوتییە و خەراب بۆمباران کردووە، لە نێویاندا لیوای 23 و یەکەی سەربازی و چەند ناوچەیەکی دیکە هەن."

هەر بە گوتەی ئەفسەرەکە، هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا یەکێک بووە لە بەهێزترین هێرشەکان بۆ لەناوبردنی مووشەک و جبەخانەکانی نێو ئەشکەوتەکان، کە لە دووری دەیان کیلۆمەترەوە خەڵکی هەستیان بە کاریگەری تەقینەوەکان کردووە و گوێبیستی دەنگەکان بوون.

هەروەها ئاژانسی DPAی ئەڵمانی لە زاری دانیشتووانی تەرتووس بڵاوی کردووەتەوە "بەهێزی هێرشەکان ترس و توقاندنێکی زۆری لە نێو دانیشتووانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بڵاو کردووە."

بە گوێرەی زانیارییەکان، 10 هێرشی چڕ و بەدوای یەکەوە بوون و کاریگەریی تەقینەوەکانیش بە بوومەلەرزەیەکی سێ پلەی ڕێختەری بەراورد کراوە و لە سەرتاسەری ناوچەکە هەستی پێ کراوە.

هەر لەم بارەوە، کەمال موسی بەڕێوەبەری پێشووی تۆمارە سەربازییەکانی سووریا بە مێدیای عەرەبییەکانی ڕاگەیاندووە، لە هێرشەکانی ئەم دوایەیدا ئیسرائیل %85ی چەک و جبەخانەکانی سوپای سووریای لەنێو بردووە.

بەگوێرەی ئامارەکان، لەوەتەی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە، ئیسرائیل بۆ لە نێو بردنی توانا سەربازییەکانی میراتی سوپای سووریا زیاتر لە 500 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر جبەخانە و ناوەندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، پێشووتریش ترس و نیگەرانی خۆی دەربڕی بوو لەوەی چەکە کیمیاییەکانی ڕژێمی سووریا بکەوێتە دەستی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment