عێراق: شەش هەزار پەنابەری لوبنانی دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، زیاتر لە شەش هەزار پەنابەرانی لوبنانی لە عێراق ئارەزووی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان دەکەن، هەروەها لیست و زانیاریەکانیان گەیەندراوەتە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە بەرپرسیارە لە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو پەنابەرانە.
عەبدولئەمیر تەها ئەلمەتوری، سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە 'عەتەبەی حوسێنیە' کە خزمەتی ئەو پەنابەرانە دەکەن، ڕایگەیاند " ناوی زیاتر لە شەش هەزار پەنابەری لوبنانیمان تۆمار کردووە کە ئارەزوو دەکەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمەش دوای ئاگربەستێکی دوو مانگە دێت لە لوبنان."
ئاماژەی بەوەش دا "سەبارەت بە پرسی ناردنەوەی پەنابەرانی لوبنانی، ئەرکمان سنووردارە؛ تەنیا ناو و زانیارییەکانی ئەو کەسانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە تۆمار دەکرێن و ڕێکدەخرێن و بە لیست دەینێرینە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تاوەکوو ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ بکەن."
دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە 13 هەزار کەس لە لوبنان ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق، وەک بەغدا و کەربەلا و نەجەف بوون.