زیندانیکراوێکی سیدنایا باوکی خۆی ناناسێتەوە

بەشاری زیندانیکراوی بەندیخانەی سیدنایا
بەشاری زیندانیکراوی بەندیخانەی سیدنایا

چیرۆکە تراژیدییەکانی بەندیخانەی سیدنایا کۆتاییان نایێت، بەشار گەنجێکی دیکەی ئازادکراوی بەندیخانەکەیە و لەماوەی نزیکەی ساڵێکی دەستگیرکردنیدا، لەژێر ئەشکەنجەدا وایان لێکردووە، هەموو شتێکی بیر بچێتەوە، تەنانەت دایک و باوکی خۆشی ناناسێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 دیلان بارزان، لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، چووەتە گۆڕەپانی مەرجە، چەند ڕاستییەکی سەر زاری کەسوکاری ئەو زیندانیکراوانەی تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە گواستەوە، نیشانیدا کەسوکاری زیندانیکراوانی سیدنایا، وێنەی کەس و ڕۆڵەکانی خۆیان لە دیوارێک هەڵواسیووە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک زانیارییەکی لەسەر زیندانیکراوەکان هەبێت، پێیان بدات، بەڵکو بتوانن بیاندۆزنەوە، لەوێ یوسف باوکی تامری زیندانیکراوی بەندیخانەی سیدنایا کە تامری کوڕی لە تەنیشتییەوە وەستاوە، بۆ کوردستان24 گوتی: کوڕەکەم نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی ئەسەد دەستگیر کرا، لەژێر ئەشکەنجەدا دووچاری نەخۆشی دەروونی بووە و هیچ شتێکی لەبیر ماوە، من و دایکی ناناسێتەوە، کە بانگی دەکەم، دەڵێت: من لەتۆ توڕەم.

وەک لە دیمەنەکانی کوردستان24 دەردەکەوێت، باوکی تامر قسە لەگەڵ تامری کوڕی دەکات کە لە زیندانەکە ئازادی بووە، پرسیاری لێدەکرد:" کوڕم ناوت بڵێ، پێم بڵێ ئەو دڕندانە لەو زیندانە چییان لێکردووی خودا تۆڵەیان لێبکاتەوە"، تامری کوڕی تەنها ئەوەندەی دەگوت:" وازم لێبێنە ، دەستم لێبەردە".

دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 زۆر هەوڵیدا پرسیار لە تامر بکات، بەڵکو بتوانێت قسەیەک بکات و شتێکی بیر بێتەوە لەو زیندانە ترسناکە، بەڵام بەشار هێشتا ترس و تۆقینی زیندانەکەی لەبەرچاو وون نەبووە، بۆیە جگە لە هەڵکێشانی نەفەسی قوڵ و چاو ئەبڵەقدان لە پەیامنێری کوردستان24، نەیدەتوانی هیچ وەڵامێک بداتەوە، نەیدەزانی چی ڕوویداوە، هێشتا هەستی بەوە نەکردووە کە هەموو شتێک گۆڕاوە و ئازاد بووە، پێی وابوو جەللادەکانی بەشار ئەسەد لە بەندیخانەکە هاتوون دووبارە ئەشکەنجەی توندی بدەنەوە.

باوکی تامر بۆ کوردستان24 گوتی: وامانزانی تامر مردووە، ویستمان بچینە لوبنان بۆ سەر گۆڕەکەی، بەڵام ڕژێمی سووریا ڕێگەیان نەداین، دواتر لە بنکەیەکی ناوچەی زەبەدان دۆزیمانەوە پاش ساڵێک لە زیندانیکردنی لە بەندیخانەی سیدنایا.

 

 

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment