بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەر بەڕێوەچوو

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەر، پیرۆزبایی لە حوسێن بن عەلی ئەلفەزاڵە، کونسوڵی گشتیی وڵاتەکە و ستافی کونسوڵخانەکە لە هەولێر کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی دەوڵەتی قەتەر، لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، کە لە لایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە حوسێن بن عەلی ئەلفەزاڵە، کونسوڵی گشتیی قەتەر و ستافی کونسوڵخانە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
لە بەرانبەردا کونسوڵی گشتیی قەتەر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پیرۆزبایی و بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکە دەربڕی.
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێویاندا لەگەڵ قەتەردا هەیە، هەرێمەکە لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە دەیانەوێت وەرەبهێنەرانی قەتەریی بهێننە هەرێمی کوردستان و تا کاری وەبەرهێنان بکەن.
هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر بەرەوپێش ببات، لە پێشوودا چەندین جار سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی قەتەریان کردووە و، لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە لەبارەی بارودۆخی کوردستان، عێراق و کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.