ترەمپ: داهاتووی سووریا ڕوون نییە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە و وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، "سەرۆکی تورکیا کەسێکی ژیرە". گوتیشی: تورکیا لە دۆخی سووریا براوەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فلۆریدا، گوتی: نامانەوێت سەربازەکانمان لە سووریا بکوژرێن، هەروەها ئێمە پێشتر 5 هەزار سەربازمان لە سووریا هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا 900 سەربازمان لە وڵاتەکەدا ماون.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بڕوای وایە تورکیا لە دۆخی سووریا براوەیە، هاوکات ناوبراو ئەردۆغانی بە کەسێکی ژیر و بەهێز وەسف کرد. گوتیشی: تورکیا بەشێوەیەکی نادۆستانە دەستی بەسەر سووریادا گرت، بەڵام بەبێ ئەوەی خەڵکێکی زۆر ببنە قوربانی، ئەوەی ئەسەدیش لەگەڵ منداڵان کردی وەحشیگەرانە بوو.
ترەمپ دەڵێت: دۆخی سووریا ڕوون نییە و کەس نەزانێت دەرئەنجامی کۆتایی لەو وڵاتە و ناوچەکە بە گشتی چۆن دەبێت.
ناوبراو باسی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵیان کە شەڕی نێوانیان کۆتایی پێبهێنن، چونکە شەڕەکە زیانێکی گیانی زۆری هەبووە.