سوید گۆڕی 500 هەزار هاووڵاتی ئامادە دەکات

سوید
سوید

سوید پێشبینی دەکات لەگەڵ ڕووسیا بکەوێتە شەڕێکی قورس و تێیدا 500 هەزار هاووڵاتی بکوژرێن، بۆیە داوای لە کڵێساکانی یۆتۆبۆری و ستۆکهۆڵم کردووە، 500 هەزار گۆڕ بۆ هاووڵاتییان ئامادە بکەن کە چاوەڕی دەکرێت لەو شەڕەدا بکوژرێن.

ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە سوید ڕایگەیاند: ڕووسیا زوو بە زوو ئاماژە بەوە دەکات هێرش دەکاتە سەر سوید، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی ئۆکرانیایان کردووە، دوا جار لە مانگی ڕابردوو سوید نامیلکەیەکی بڵاو کردەوە، لە نامیلکەکەدا ئاگەداری ئەوەی دابوو کە خەڵک چۆن لە کاتی شەڕدا پارێزگاری لەخۆیان بکەن، ئەم نامیلکەیە خەڵکی سویدی حەپەساند، چونکە لەماوەی 20 ساڵدا ئاگەدارییەکی لەو شێوەیەیان پێ نەدراوە.

ئاوارە هەورامی ئاشکرای کرد، دوێنێ لە مێدیاکانی سوید بڵاو بووەتەوە کە ڕێکخراوێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سوید ڕایگەیاندووە، سەرجەم کڵێساکانی سوید، بەتایبەت لە یوتۆبۆری و ستۆکهۆڵم زەوییەکی پان و بەرین ئامادە بکەن بۆ هەڵکەندنی 500  هەزار گۆڕ، ئەوەش بەو مانایە دێت، لەو شەڕەی سوید چاوەڕێی دەکات لەگەڵ ڕووسیا دووچاری ببێتەوە، 500 هەزار هاووڵاتی سویدی بکوژرێن، ئەوەش بووەتە سەردێری ڕۆژنامە و هەواڵی مێدیاکانی سوید، ئەو هەواڵانەش خەڵکیی نیگەران کردووە و پێیان وایە شەڕ لەماوەیەکی نزیکدا بەرۆکیان دەگرێت.

پێشتر، ئاوارە هەورامی ڕایگەیاند: لە ئەگەری هێرشە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا بۆ سەری، سوید ژێرزەمینەکانی 240 ساڵ پێش ئێستا بۆ شەڕ نۆژەن دەکاتەوە و بە نامیلکەیەک داوا لە هاووڵاتییان دەکات، خۆیان لە شەڕ بپارێزن و نان و ئاو و گەرمیی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment