شاندی دانوستانکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان

شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە پیرمام.
شاندی پارتی پێکهاتووە لە دڵشاد شەهاب، هۆشیار زێباری، ئومێد سەباح و پشتیوان سادق، هەروەها شاندەکەی یەکێتیی لە هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، ڕێواس فایەق، ئامانج ڕەحیم پێک هاتووە، گەیشتنە مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو مەکتەبی سیاسییە لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بارەی ئەم کۆبوونەوەیەی شاندی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، "ئامانج لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، تاوتوێکردنی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەكانی سووریا و ناوچەكەیە."
ئەمە دەبێتە دووەم كۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کراوە.
کۆبوونەوەی یەکەمی نێوان هەردوو شاند، 30ـی مانگی ڕابردوو لە دەباشان بەڕێوە چوو. هەردوولا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە."