ڕووسیا پەیامێک ئاراستەی سوورییەکان دەکات

سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕووسیا پەیامێکی ئاراستەی سوورییەکان کرد و داوای لێیان کردووە گفتوگۆ بکەن و حکوومەتێکی فرەلایەنە پێک بهێنن، هەروەها چارەنووسی بنکە سەربازییەکانیشی لەو وڵاتە ئاشکرا کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دەبێت سوورییەکان بڕیار سەبارەت بە داهاتووی خۆیان بدەن."
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە بەیاننامەکەدا "داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر دەکات کە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکانی وڵاتەکە لەبەرچاو بگرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد "مۆسکۆ لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و پێی وایە کە ڕێگای ئاساییکردنەوەی دۆخی سووریا دەبێت بە دیالۆگ لە نێوان سوورییەکاندا بێت لەسەر بنەمای گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ڕووسیا جەختی کردەوە "لامان وایە پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و ڕێزگرتنی یەکتر لە نێوان گەلانی هەردوو وڵات، بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە چارەنووسی سەربازانی ڕووسیاش لە سووریا، کرێملن دوێنێ دووشەممە، ڕایگەیاند "هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە داهاتووی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا نەدراوە و لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە."
چوار بەرپرسی ڕژێمی پێشووی سووریا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان گوتبوو "ڕووسیا هێزەکانی لە هێڵەکانی پێشەوەی باکووری سووریا و لە شوێنەکانی دیکە دەکشێنێتەوە، بەڵام دوو بنکە سەرەکییەکەی چۆڵ ناکات."