کیێڤ بەرپرسیارەتیی خۆی لە کوشتنی فەرماندەکەی ڕووسیا ڕاگەیاند

کیێڤ، بەرپرسیارەتیی خۆی لە کوشتنی فەرماندەی بەرگریی ئەتۆمی و کیمیایی سوپای ڕووسیا، ڕادەگەیەنێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئۆکرانی بە ئاژانسی هەواڵیی 'فرانس پرێس' ـی ڕاگەیاندووە، "کیێڤ بەرپرسیارەتیی کوژرانی ئەو بەرپرسە گەورەیەی سوپای ڕووسیا لە ئەستۆ دەگرێت."
کوژرانی ئەو فەرماندە و یاریدەدەرەکەی بە بۆمبێکی چێنراو، لە چوارچێوەی کردەیەکی تایبەتیی دەزگای ئەمنیی ئۆکرانیی بووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2024، مێدیاکانی ڕووسیا هەواڵی کوژرانی ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆجیی سوپای ڕووسیایان بڵاو کردەوە.
کاربەدەستانی ڕووسیا گوتیان: "تەقینەوەیەک لە نزیک باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆ ڕووی داوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون، کە یەکێکیان جەنەراڵ ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری چەکە ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆجییەکانە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە بڵاوی کردووەتەوە "تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی لکێندراو بە ماتۆڕسیکلێکەوە بووە و لە تەقینەوەکەشدا کیریلۆڤ و یاریدەدەرەکەی، لەو کاتەی لە باڵەخانەکە دەرچوون، کوژراون."
جەنەراڵ ئیگۆر کیریلۆڤ تەمەنی 54 ساڵە لە ساڵی 2017 ـەوە سەرکردایەتیی هێزەکانی بەرگریی چەکی ئەتۆمی دەکرد و دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا بە تۆمەتباری سەرەکی کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی ڕووسیا تۆمەتبار دەکرێت.