عێراق: پاداشتی دارایی بۆ دۆزینەوەی گۆڕی ونبووەکانی شەڕی دووەمی کەنداو تەرخان دەکات

وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی عێراق پاداشتێکی داراییان بۆ ئەو کەسانە تەرخان کرد، کە زانیارییان سەبارەت بە گۆڕی بێسەروشوێنەکانی عێراق و کوەیت لە شەڕی دووەمی کەنداو پێ بدات، جا چ لەناو خاکی عێراق یان کوێتدا بێت.
سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەردوو وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند "وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی عێراق، داوا لە هاووڵاتیانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق دەکەن، ئەگەر زانیاریی یان بەڵگەیان هەیە لەسەر شوێنی ناشتنی بێسەروشوێنە عێراقیی و کوێتییەکانی سەردەمی جەنگی دووەمی کەنداو، ئاگەدارمان بکەنەوە."
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "پاداشتی دارایی دەدرێتە ئەوکەسەی کە زانیاری بەسوود لەو بارەوە پێشکەش بکات."
ساڵی 1990 سەدام حوسێن، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق هێرشی کردە سەر کوەیت و بە ماوەیەکی کەم توانی داگیری بکات، دوای چەند مانگێک، هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەساڵی 1991 هێرشیان کردە سەر عێراق، لەو جەنگەدا 35 وڵات یەکیان گرت لەدژی عێراق بۆ وەردەرنانی لە کوەیت.
لە جەنگەکە زیانەکانی سوپای عێراق بە 50 هەزار کوژراو و نزیکەی 100 هەزار بریندار و 80 هەزار دیل خەمڵێندراوە، هەروەها 3664 هاووڵاتی مەدەنیش کوژران.
هەروەها کوەیتیش قووربانییەکانی زۆربەی لە کاتی داگیرکردنی وڵاتەکەیدا بووە، کە بریتیی بوون لە 422 کوژراو، 12 هەزار دیل و نزیکەی 1000 هاووڵاتی مەدەنی کوەیتیش کوژران، هەروەها 600 کەسیش بێسەروشوێن بوون.