بەرپرسێکی تەحریر شام بۆ کوردستان24: پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کارگەکە سووتێنراوە

گەورەترین کارگەی دروستکردنی حەبی کاپتاگۆن و حەشیش لە دیمەشق دۆزرایەوە و کوردستان24 چووە نێو کارگەکە و چەندەها زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 بۆ سووریا ڕایگەیاند: گەورەترین کارگەی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەبی کاپتاگۆن و حەشیش لە دیمەشق دۆزرایەوە، هەروەها کارگەکە بە شێوەیەک گەورەیە کە ماددەی هۆشبەرەکان کاتێک لێی دروست دەکران هەم کۆگا دەکران هەم بۆ هەناردەکردنیش ئامادە دەکران.
بەرپرسێکی تەحریر شام، لەبارەی کارگەکەوە زانیاری زیاتری بۆ کوردستان24 ئاشکرا کرد و گوتی: پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چەکدارەکانی ڕژێم کارگەکەیان سووتاندووە بۆ ئەوەی هیچ شتێک لە دوای خۆیان جێنەهێڵن، لە کارگەکە ماددەی هۆشبەری جۆری حەشیش، هەروەها حەبی کاپتاگۆنی تێدا دروست دەکرا.
ڕژێمی بەعس لە سەردەمی ئەسەد، سووریای کردبووە "دەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان"، هەروەها لەنێویانیشدا کاپتاگۆنی کردبووە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگییە ئابوورییانەی کە لە ئەنجامی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە هاتبوونە ئاراوە.
کاپتاگۆن لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەڵمانیا بۆ چارەی خەواڵووی، خەمۆکی و تێکچوونی سەرنج بەرهەم دەهێنرا، بەڵام لە ساڵی 1986 لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان قەدەغە کرا، دوای ئەم قەدەغەکردنە باندە تاوانکارییەکانی بولگاریا دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی حەبەکە لە پارێزگای بیقاعی لوبنان.
ڕوانگەی تۆڕە سیاسی و ئابوورییەکان بۆ بەدواداچوون بۆ بازرگانیی کاپتاگۆن لە جیهانی عەرەبیدا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە ڕژێمی ئەسەد لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 داهاتی بۆ هەر ساڵێک 2.4 ملار دۆلار بووە، ئەم بڕە پارەیەش یەکسانە بە نزیکەی چارەکێک لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمی ناوخۆیی سووریا.