فەرەنسا داوا لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایدەگەیەنێت: تیمێکی دیپلۆماسی فەرەنسی کە ئەمڕۆ سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریای کردووە، داوایان لە دەسەڵاتی نوێی ئەو وڵاتە کردووە، بەردەوام بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان.
سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، شاندێکی دیپلۆماتکارانی فەرەنسا سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریایان کرد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە، دووپاتیان لەوە کردەوە، پێویستە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام بن.
وەزارەتەکە دەڵێت: فەرەنسا پێداگرە لە سەر پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کە پەیوەستە بە بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە، هاوکات ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی کیمیایی کە ڕژێمی پێشووی سووریا هەیبوو.
دیپلۆماتکارە فەرەنسییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا جەختییان لەوە کردەوە، فەرەنسا بەپێی پێوەرەکان، ئەرکی خۆی لە سووریا دیاریی دەکات.