ڤیان دەخیل: پەرلەمانی سویسرا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بەجینۆساید ناساند

ڤیان دەخیل
ڤیان دەخیل

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە هەنگاوێکی مێژوویدا، پەرلەمانی سویسرا کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانی لەسەر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش، بەجینۆساید ناساند.

سێشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە هەنگاوێکی مێژوویدا، پەرلەمانی سیوسرا دەنگی لەسەر بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش دا، ئەوەش بەپێی تەواوی پێوەرە مرۆیی و یاساییەکان.

ڤیان دەخیل دەڵێت: ئەو بڕیارەی پەرلەمانی سویسرا، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێزدییەکان کە لەو ڕێگەیەوە بە مافە ڕەواکانیان دەگەن، لەگەڵ ئەوەی چەندین ساڵە چاوەڕێی دەرچوونی دەکەن، ئاماژە بە سەردانێکی خۆشی دەکات بۆ جنێفی پایتەختی سویسرا لە ساڵی 2016 کە تێیدا باسی لەو ئازار و نەهامەتییانە دەکرد ئێزدییەکان تێیدا ژیان دوای تاوانە وەحشیگەرانەکانی  داعش، هەر ئەو کاتە سویسرا و وڵاتانی ئامادەبوو بە پێویستیان زانی دان بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان بنێن، سەرباری ئەوەش هاوسۆزیی خۆیان بۆ ئاینی ئێزدی نیشاندان.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: تا ئێستا 15 وڵاتی جیهان و چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە، ڤیان دەخیل تیشکی خستە سەر ئەوەی، ناوەستن لە هەوڵدان بۆ دەستخستنی مافی قوربانیانی ئێزدی.

لە کۆتاییشدا، ڤیان دەخیل سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد پشتیوانیی لەو پرسە دەکەن بۆ سەرکەوتنی ئێزدییەکان، دەڵێت: هەموو ئەو هەوڵانە خزمەتی یەک ئامانج دەکات، ئەویش بۆ بەدیهێنانی دادپەوەرییە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و گەڕاندنەوەی ڕێزی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment