رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی: پێشنیاز بۆ گەڕانەوەی بە كۆمەڵی پەنابەرانی سووریا ناكەین

ئیمی پۆپ بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت: لە ئێستادا پێشنیازی گەڕانەوەی بە كۆمەڵی پەنابەرانی سووریا ناكەین، تا ئەوكاتەی دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیر دەبێت.
ئەو بەرپرسەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاند:مافی سوورییەكانە بگەڕێنەوە ماڵەكانییان، بەڵام ژێرخانی وڵاتەكە توانای گەڕانەوەی ملیۆنەها كەسی نییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستادا وەبەرهێنان لە سووریا نییە، بۆیە گەڕانەوەی ملیۆنەها سووری فشار دروست دەكات و دەبێتە هۆی دووبارە كۆچكردنەوەی خەڵك .
دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی پرسی پێدانی مافی پەنابەرییان بە هاووڵاتییانی سووری هەڵپەسارد، بەشێك لەو وڵاتانەش دەستیانكردووە بە پێداچوونەوەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرە سوورییەكان.
لە ساڵی 2011ـەوە، ملیۆنەها سووری بەهۆی هێرش و چەوساندنەوەی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، سووریایان بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و ئەوروپا جێهێشت، لەنێویاندا پشكی شێر بەر توركیا كەوتووە و نزیكەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری لێدەژیت.