ستیڤن ڕاپ: دەیان هەزار کەس لەلایەن ئەسەدەوە ئەشکەنجەدراون و کوژراون

ستیڤن ڕاپ، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا کە تایبەتە بە پرسی تاوانەکانی جەنگ، ڕایگەیاند، دەیان هەزار کەس لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە ئەشکەنجە دراون و کوژراون.
ڕاپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، لە ساڵی 2013ەوە زیاتر لە 100 هەزار کەس ئەشکەنجەدراون و کوژراون".
ڕاپ لە کاتی سەردانیکردنی دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە شارۆچکەکانی قوتەیفە و نەجها لە نزیک دیمەشق گوتی: "پێشتر دیمەنێکی لەو شێوەیەم نەبینیوە جگە لە سەردەمی نازییەکان."
ڕاپ، لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی سووریا بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگ و ئامادەکاری بۆ ئەگەری دادگاییکردن کاردەکات، دەشڵێت: "ئەم سیستەمە ئامێرێکی گەورەی کوشتن بووە لەژێر چاودێری دەوڵەتدا."
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا، سەمیر عوسمان شێخ، بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی عەدرا لە دیمەشق بە ئەشکەنجەدانی زیندانییان تۆمەتبار کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنج دەخاتە سەر دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن و تێوەگلان لە تاوانەکان بەرامبەر بە زیندانییەکانی سووریا، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کارەساتانە ئاشکرا دەکات کە لەناو ئەو زیندانانەدا کراون و لیستی نهێنی هەزاران ناو ئاشکرا دەکەن کە گومانی تێوەگلانیان لە تاوانی گەورە لە سووریادا هەیە.
ستیڤن ڕاپ، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بووە تایبەت بە پرسی تاوانەکانی جەنگ و لە نووسینگەی دادوەری تاوانەکانی جیهانییش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاری کردووە.