فالح فەیاز: دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا ناکەین
سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی لە تازەترین لێدوانیدا سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕایگەیاند، دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆ و گەلی سووریادا نەکردووە و ناكەن، بەڵام سووریا دراوسێیەکی نزیکە و عێراق مافی خۆیەتی لەسەر پرسی سووریا قسە بکات.
فاڵح فەیاز، "سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاند، دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆ و گەلی سووریا نەکردووە و ناشیكەن، بەڵام سووریا دراوسێیەکی نزیکە و عێراق مافی خۆیەتی لەسەر پرسی سووریا قسە بکات."
ھاوكات سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، "دەستەی حەشدی شەعبی، دەستەیەكی فەرمیی دەوڵەتە و لەژێر ڕێنمایی و فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەجووڵێتەوە"، ڕوونیشیکردەوە، "تا ئێستا هەڵوێستی کۆتاییان لەبارەی دۆخی سووریا نەداوە، چونکە هێشتا دۆخێكی ناڕوونە."
بەپێی زانیارییەكان چەندین گرووپی چەکداری عێراق لە سەرەتای ساڵی 2012 تا ئێستا نوێنەرایەتی سەربازییان لە سووریا هەبووە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد، چوار لەو گرووپانە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا چاڵاكن، ئەمە جگە لە بوونی چەند گرووپێكی دیكە لە بیابانەكانی سووریا، دەوروبەری دیمەشق و حەلەب و ئیدلب.