گیر پیدرسن: دڵخۆشین بە درێژکردنەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوای کوردستان

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری سووریا ڕایگەیاند: دڵخۆشن بە درێژکردنەوەی ئاگربەست لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێت: سووریا قەیرانی ئابووری هەیە، دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووری، دەکرێت دەستپێکی هەڵگرتنی سزاکان بێت لەسەر ئەو وڵاتە.

چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، گیر پیدرسن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری سووریا ڕایگەیاند: چاویان لەوەیە دوای قۆناغی گۆڕانکاریی لە سووریا، هەڵبژاردنێکی ئازاد بەڕێوەبچێت و دەستوورێکی نوێ بۆ هەموو سوورییەکان بنووسرێتەوە، ڕاشیگەیاند: یەکێک لە گەورەترین ئالەنگارییەکانی سووریا، دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانە، دڵخۆشن بە درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەڵام پێویستە پرسەکە لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت، پیدەرسن گوتیشی: دەکرێت دووبارە بونیاتنانەوەی دەستپێک بێت بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسە ئەو وڵاتە.

پیدرسن ئاماژەی بەوە کرد، هیوایەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دەستپێکێکی نوێ بۆ سووریا هەبێت، سووریاییەک کە هاوتای بڕیاری  2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت، هەروەها دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە لەپێناو هەموو سوورییەکان، دوای قۆناغی گواستنەوە، هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت،  گوتیشی: ئالەنگارییەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، گەورەترین ئالەنگاریش دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە، دڵخۆشم بەوەی ئاگربەست درێژ کرایەوە، چاومان لە چارەسەری سیاسییە بۆ ئەو دۆخەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای گرتووەتەوە، وڵاتەکە قەیرانی ئابووری هەیە، دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووری دەکرێت دەستپێکی هەڵگرتنی سزاکان بێت لەسەر سووریا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment