ڕووسیا، بە تانکە کۆنەکانی سەردەمی سۆڤیەتی لە ئۆکرانیا شەڕ دەکات

ڕۆژنامەی "دی مۆرغن"ـی بەلجیکی ئەمڕۆ 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە ڕاپۆرتێکدا، نووسیویەتی "پاش سێ ساڵ شەڕ لە ئۆکرانیا، ژمارەی تانک و زرێپۆشەکانی ڕووسیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە."

ئەو ڕۆژنامەیە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا بە پشتبەستن بە وێنە ساتەلایتییانەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانی، کە بەم دواییانە بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویە "ئەو وێنانە بە ئاشکرا دەری دەخەن لەشکری زرێپۆشی ڕووسی، ناچار بووە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی تانکە تێکشکاوەکانی لە بەرەکانی شەڕی ئۆکرانیا، پەنا بۆ بەکارهێنانی تانکی کۆن، لە جۆری تی-34 ببات."

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش سەبارەت هەمان بابەت، ڕاپۆرتێکی بڵاوی کردووەتەوە تێیدا هاتووە "فیلم و وێنە ساتەلایتییەکان لەوە دڵنیامان دەکەنەوە ژمارەی تانک و زرێپۆشەکان کە لە شوباتی 2022، لە عەمبارەکانی ڕووسیادا هەبوون، بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە."

مانگە دەستکردە بەریتانییەکان دوو وێنەیان گرتووە، یەکەمیان لە بنکەی سەربازیی شاری ئارنسیفی ڕووسیا لە مانگی حوزەیرانی 2022 و ئەوی دیکەیان تەممووزی 2024 لە هەمان بنکە؛ لە وێنەی یەکەمدا ڕیزی تانک و زرێپۆشەکانی ئەو بنکەیە بە ئاشکرا دیارن و لە وێنەی دووەمدا دیار نەماون!

جگە لەوەش،  وێنەیان لە دوو بنکەی سەربازیی لە باشوور و ڕۆژاوای ڕووسیا گرتووە، بە ئاشکرا جیاوازیی ژمارەی تانک و زرێپۆشەکان دەردەکەون. بە جۆرێک، لە هاوینی ئەم ساڵدا، تەنها چەند ئۆتۆمبیلێکی سەربازی لە جێی ئەو ژمارە زۆرەی تانک و زرێپۆشە ماون کە دوو ساڵ پێشتر لەو دوو بنەکەدا هەبوون.

بە قسەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، مۆسکۆ، لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیادا پتر لە 3600 تانک و نزیکەی 8000 تۆتۆمبیلی زرێپۆشی لەدەست داوە.

ڕاپۆرتە سەربازییەکان وا دەگەیەنن، سوپای ڕووسیا ناچارە بۆ پڕکردنەوەی جێگەی ئەو تانک و زرێپۆشە تێکشکاوانە، پەنا بۆ بەکارهێنانی تانکی کۆنی سەردەمی سۆڤییەتی ببات.

وێنه‌ی بنكه‌ سه‌ربازییه‌ ڕووسییه‌كه‌

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment