کونسوڵی نوێی ئیتاڵیا دەیەوێت پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ کوردستان بگەیەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر

تۆمماسۆ سانسۆنی کونسوڵی گشتی نوێی ئیتاڵیا لە هەرێم دەخوازێت، پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە ئاستێکی پێشکەوتووتر، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تەواوی پشتیوانییەکانی بۆ کونسوڵی نوێی ئیتاڵیا و سەرخستنی ئەرکەکانی دووپات کردەوە.
چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە تۆمماسۆ سانسۆنی کونسوڵی گشتی نوێی ئیتاڵیا لە هەرێم کرد.
سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی ئیتاڵیا کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هاوکات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی نیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە پێناو سەرخستنی ئەرک و کارەکانیان لە هەرێم.
کونسوڵی گشتی نوێی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار بووە. هیوای خواست بتوانن ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەیەننە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.
پرسەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغداو ڕەوشی سووریاو ناوچەکە بە گشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.