فوئاد حوسێن و گۆتێرێس جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له حكوومه‌تی نوێی سووریا ده‌كه‌نه‌وه

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا جه‌خت له‌سه‌ر به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له حكوومه‌تی نوێی سووریادا ده‌كه‌نه‌وه.
چوارشه‌ممه، 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا تاوتوێی بارودۆخی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی سووریایان كردووه و گۆتێرێس گوتوویه‌تی، له ڕێگه‌ی نێرده‌ی تایبه‌ته‌وه به‌رده‌وام چاودێری بارودۆخی سووریا و كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌كان له پرۆسه‌ی سیاسی و حكوومه‌تی نوێی ئه‌و وڵاته كردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن گوتوویه‌تی، بارودۆخی سووریا به‌هۆی باڵاده‌ستی گرووپه چه‌كداره‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا، به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌چێت، به‌تایبه‌تی كه داعش دووباره خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه و هه‌وڵ ده‌دات سوود له ڕووخانی سوپای سووریا و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات وه‌ربگرێت.
هاوكات جه‌ختی كردووه‌ته‌وه ئه‌و زیندانیانه‌ی سووریا كه سه‌دان چه‌كداری داعشیان تێدایه، كۆنترۆڵ بكرێن. به پێویستیشی زانیوه چاره‌یه‌كی به په‌له بۆ كامپی هۆل بدۆزرێته‌وه و پارێزگاریش له سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته بكرێته‌وه و زۆریش له ئاواره‌كان نه‌كرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان.