هێمن هەورامی: پێویستە پەیەدە خۆی لە پەکەکە دوور بخاتەوە

هێمن هەورامی
هێمن هەورامی

 هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پانێلێکدا دەڵێت: پێویستە لەو قۆناغە نوێیەی سووریا، پەیەدە خۆی لە پەکەکە دوور بخاتەوە.

چوارشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024،  هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پانێلێکدا لە هەولێر گوتی: ئەوەی کلیلی پاراستنی پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەو هاوکێشە تازەیەی ئێستا لە سووریا هاتووەتە ئاراوە ئەوەیە، بەڕێزان لە پەیەدە، هەموو پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن، بە فەرمی ڕایبگەیەنن هێزێکی کوردی کوردستانیانەی ڕۆژئاوای کوردستانن لە چوارچێوەی سووریا بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی ئاشتی و دیموکراسیانە و گۆڕانکارییە دەستوورییەکانی سووریا، لە چوارچێوەی سووریا و لەناو سووریا ئەوان خەبات دەکەن، هیچ پەیوەندییەکی ئایدۆلۆجی و ڕێکخستن و فیکریان بە پەکەکە و ڕێکخستنەکانی و سەرکردەکانی پەکەکەوە نییە، ئەگەر ئەوە بکەن، گەورەترین یارمەتی خۆیان و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەدەن، یارمەتی زۆرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەدەن کە ڕێگە بگیرێت لەو هەوڵانەی بەهۆی بیانووی پەکەکەوە ئێستا بۆ ئەو شوێنانە هەیە کە باسیان لێوە دەکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەمە دەکەن، ئێمە هیوادارین بەڕێزان ئەوانەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستانن، ئەو خاڵە زۆر بە جدی وەربگرن، چونکە یارمەتی خۆیان و پرسی کورد لە ناوچەکە دەدەن.

لە پانێلەکەدا، هێمن هەورامی گوتی: هەوڵ دەدرا عێراق ڕابکێشرێتە ناو ئەو کێشە و ململانێیانەی لە سووریا هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی ئیدارەی هاوپەیمانی دەوڵەت و ئاستی فەرمی عێراق لە سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دەرەوە، بەهەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوە دران، هەرێمی کوردستان و عێراق لە لێکەوتەکانی ناکۆکییەکانی ئەو دۆخەی ئێستا هەیە نەگلێندرێن و نەبینە بەشێک لەو ناکۆکیانەی هەیە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ببینە بەشێک لە چارەسەرییەکان و عێراق نەخرێتە گۆڕەپانی ئەو شەڕە بە وەکالەتەی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد،  هەوڵ هەیە ئەوەی لە سووریا لە دەست دراوە، لەڕێگەی عێراقەوە بەدەست بهێندرێتەوە، گوتی: ئەوەی گرنگە، ئێمە و عێراق ڕێگە نەدەین ئەو دۆخە بێتە ئاراوە.

هێمن هەورامی دەڵێت: مێژوو سەلماندوویەتی، هەرێمی کوردستانی عێراق پاڵپشت و پشتیوانێکی گەورەی ڕۆژئاوای کوردستان بووە، لە ڕێککەوتنی هەولێر یەک، ڕێککەوتنی هەولێر دوو، ڕێککەوتنی دهۆک، ناردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، هاوکاریی و پشتیوانیی کردن لە شەڕی دژی داعش.

هەورامی گوتی: کوردستان خاکی هەموو کوردێکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی ئێمە بۆ ئەوەبوو هەتا یەک ڕیز بن لەوێ، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا یەک ڕیز بێت و بتوانن لەسەر چوارچێوەیەک  ڕێکبکەون، با جیاوازیی حزبی و ئایدۆلۆجیان هەبێت، بەڵام لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی مافی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریای نوێ، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک بارزانی بە بەیاننامەیەک پشتیوانیی و دەستخۆشی لە هەندێک لێدوانی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام  کرد، چونکە ئەوە پێشتر لەناو واقیعی دەسەڵاتدارانی سووریادا نەبووە، ئێمە هیوادارین ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە و دەربڕینە بە کرداریش ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی گەلی کوردیش بە مافە ڕەواکانی خۆی لە چوارچێوەی سووریادا بگات.

هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر ئەوەی، هەمیشە سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبووە، گوتی: ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە، کۆبانێ دەکەوت و پێشمەرگە نەیدەتوانی بچێتە کۆبانێ، بۆیە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەو دیپلۆماسیەتەی کە توانرا قەناعەت بە ئەمەریکا و تورکیا بکرێت بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بچێتە کۆبانێ، ئەوکاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بوو، ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی بینی.

دواتر ئاماژەی بە پشتیوانییەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا و گوتی: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەو پرۆسەیە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر بوو، بۆیە ئێستاش تەواوی لایەنە سیاسییەکان دەرگەیان بۆ کرایەوە ئەگەر بیانەوێت، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییە نیشتمانی و پێناسانە بن کە خزمەت بە گەلی کوردستان دەکات، نەوەک بە حزبێکی سیاسی و ئایدۆلۆجیایەکی تایبەت.

 
 
Fly Erbil Advertisment